
سمایل زارعی .
شێوه‌ی دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆنی كه‌مینه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حدكا:
نزیك به 4 مانگ به سه‌ر كۆنگره‌دا تێپه‌ڕی به‌ڵام هێشتا رێبه‌ری نه‌یتوانیبوو كار به سه‌ر ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی‌دا دابه‌ش بكات. بڕیار وابوو له سه‌ر فێدرالیزم (كه په‌سندكراوی كۆنگره‌ی 13 بوو) نامیلكه و خه‌تی حیزبی بڵاو بكرێته‌وه كه ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ ئه‌و كاره هه‌ر نه‌كرا. دیاره هۆكاری ئه‌وه‌ش دوو شت بوون: یه‌كه‌م: لاوازی ئاستی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، دووهه‌م: ناشاره‌زابوون و باوه‌ڕنه‌بوون به‌و بابه‌تانه. پێویسته لێره‌دا كه باسی فێدرالیزم كرا ئاماژه به بابه‌تێك بكه‌ین، هه‌تا پێش كۆنگره‌ی 12 یه‌كێك له خۆراكه‌كانی جه‌ناحی كاك مسته‌فا ئه‌وه بوو كه هه‌ر كه‌س باسی فێدرالیزم بكات ئه‌وه لادانه له رێبازی دوكتور قاسملوو!!!(چونكه به‌شێكی زۆر له ئه‌ندامانی باڵی مامۆستا باوه‌ڕیان وابوو كه ده‌بێ دروشمی حیزب له خودموختارییه‌وه بگۆڕدرێ بۆ فێدرالیزم، دیاره ئه‌وه‌ی لایه‌نی كاك مسته‌فا كردیان ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی بیر‌و بۆچوونی خودی دوكتور قاسملووش بوو، چونكه دوكتور قاسملوو بۆ خۆی ده‌ڵێ: نه‌سلی ئێمه ئه‌وه‌ی(خودموختاری) ده‌وێ، هیچ ته‌زمینێك نیه كه نه‌سلی داهاتوو به‌وه‌نده رازی بێ و داوای شتی دیكه نه‌كات- گێڕانه‌وه به واتا) له‌و په‌یوه‌ندییه‌شدا زۆر كه‌سیان ئازار دا و زۆر پڕوپاگه‌نده‌ی ناڕه‌وا و ناحه‌قیان كرد. بۆ نموونه ده‌توانم ئاماژه به نامه‌یه‌ك بكه‌م كه ره‌حیم ده‌ستیار له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا نووسیبوی، وه‌ك ده‌ڵێن چیان به ناوبراو نه‌كرد! كه‌چی كاتێك له كۆنگره‌ی 13 دا ئه‌و بابه‌ته چه‌سپا ئه‌وان خۆیان به ئاڵاهه‌ڵگری فێدرالیزم ده‌زانی، به‌ڵام وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئاسمانیش لێفه بوایه داینه‌ده‌پۆشی، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ له‌و باره‌وه هیچ شتێكی تایبه‌تییان لـێ وه‌به‌رچاو نه‌كه‌وت.
پاش ماوه‌یه‌كی دوور و درێژی چه‌ند مانگه دواجار كاره‌كان دابه‌ش كران و به پێچه‌وانه‌ی كۆنگره‌كانی پێشوو، جه‌ناحی كاك مسته‌فا كه زۆرینه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بوون به بێ له‌به‌رچاوگرتنی مافی كه‌مینه له حیزب دا هه‌موو ئه‌و پۆسته سه‌ره‌كی و گرینگانه كه كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان هه‌بوو له سه‌ر ته‌شكیلاتی حیزب (په‌زیرش كه ده‌روازه‌ی حیزبه، سیاسی نیزامی، كۆمیته‌ی ئه‌منییه‌ت و ته‌شكیلاتی نهێنی) بۆ خۆیان قۆرغ كردبوو. ماوه‌یه‌كی زۆری نه‌گرت پڕۆژه‌ی نه‌هێشتن و ده‌ركردن و بێ‌كاركردنی ئه‌ندامانی لایه‌نی موخالیف یان جیابیر كه پێشتر ئه‌ندامی جه‌ناحی مامۆستا بوون ده‌ستی پێكرد. له ماوه‌یه‌كی زۆر كورت دا نه‌قڵ و راگواستن و شوێن گۆڕین و به‌رپرس گۆڕین ده‌ستی پێكرد. بۆ نموونه ده‌توانم ئاماژه به‌وه بكه‌م كه له ماوه‌یه‌كی زۆر كورت دا 14 كادری به‌وه‌ج و به ئه‌زموونی كۆمیته‌ی ئه‌منییه‌ت كه سه‌ر به جه‌ناحی مامۆستا بوون ده‌ركران، له په‌زیرش به سه‌دان كه‌سی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ناوه‌ندی كوردستانیان به بێ هۆ وه‌رنه‌ده‌گرت و هه‌ر ئه‌وه‌ش كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ی لێكه‌وته‌وه. بۆ نموونه شه‌هید شوانه‌ی سه‌ید قادر یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه كه هاتبووه په‌زیرشی حیزب به‌ڵام وه‌ریان نه‌گرتبوو كه دواجاریش به شه‌هید بوونی ناوبراو ئه‌و حه‌ماسه گه‌وره‌یه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خولقا... له ماوه‌ی هاتنه سه‌ركاری كاك مسته‌فا هه‌تا كاتی له‌تبوون نزیك به 350 ئه‌ندامی حیزبی كه سه‌ر به لایه‌نی مامۆستا بوون ده‌ركران یان ناچار به رۆیشتن كران یان ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی ته‌شكیلاتی بوون له ناوخۆ و ئاشكرا ببوون به‌ڕاده‌یه‌ك كێشه‌یان بۆ دروست ده‌كرا كه نه‌توانن بێنه ناو ته‌شكیلاتی ئاشكراوه و له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كانی حیزب بن، یان ئه‌وه‌ی كه زۆرێك له‌وانه‌ی ده‌هاتن بۆ پێشمه‌رگایه‌تی هه‌ر له په‌زیرش به هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه بوون كه مامۆستا نفووزی زۆر بوو به پێشمه‌رگه وه‌رنه‌ده‌گیران.
دیاره له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیاوازی شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی حیزب دا له به‌شه‌كانی داهاتوودا زۆرتر باس ده‌كه‌ین، به‌ڵام لێره‌دا ته‌نیا وه‌ك ئاماژه ده‌توانین بڵێین كه له‌و ماوه‌یه‌دا شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی زۆرینه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی (لایه‌نی كاك مسته‌فا) به شێوه‌یه‌ك بوو كه كاری له سه‌ر دوو شت ده‌كرد: یه‌كه‌م: پاكسازی و نه‌هێشتنی جیابیران، دووهه‌م: یه‌كده‌ستكردنی فكرییه‌ت و كولتووری حیزبی به نرخی فه‌وتاندن و كپكردنی جیاوازییه‌كانی ناو حیزب. ئه‌م دوو مێتۆده‌ش زۆرتر به كه‌ڵك وه‌گرتن له كۆمه‌ڵێك ئامرازی دیكه‌ی وه‌ك زیاتر كردنی هه‌ڵاوارتن، فه‌رق و جودایی كردن، جیاكردنه‌وه‌ی خودی و ناخودی، زیاتر كردنی بورۆكراسی (به تایبه‌تی بۆ جیابیران)، پێڕانه‌گه‌یشتن له باری ئیمكاناتی حیزبی و ماڵییه‌وه (به تایبه‌تی بۆ بنه‌ماڵه‌كانی جیابیران) و زیاتركردنی كه‌شی ئه‌منیه‌تی و پۆلیسی به شێوه‌ی فشار خستنه سه‌ر ئه‌ندامان، سیخوڕِپه‌روه‌ری و په‌روه‌نده‌سازی( بۆ نموونه به هۆی په‌روه‌نده‌سازیه‌وه ئه‌ندامی باڵی مامۆستایان گرتبوو كه له كۆمیته‌ی ئه‌منییه‌ت دڕندانه‌ترین ئه‌شكه‌نجه‌یان دابوو، قامكیان شكاندبوو، ته‌جاوزیان پێ كردبوو و به‌رقیان له چووكی دابوو و...) و تۆقاندن و كه‌متر كردنه‌وه‌ی متمانه‌ی نێوان ئه‌ندامان به تایبه‌تی له نێوان ئه‌ندامانی ئه‌و جه‌ناحه‌دا، ده‌ست تێوه‌ردان له رێكخراوه‌كانی ناوخۆی حیزب وه‌ك یه‌كیه‌تیی لاوان و یه‌كیه‌تیی ژنان و یه‌كیه‌تیی خوێندكاران.
ئه‌م بارودۆخه وای كردبوو كه ناهومێدییه‌كی زۆر روو له ئه‌ندامانی جیابیر و سه‌ر به باڵی مامۆستا بكات، به‌ره‌به‌ره وادیار بوو كه له هه‌موو ئۆرگانه سه‌ره‌كییه‌كانی حیزب كار بۆ یه‌كده‌ست كردنی حیزب ده‌كرێ و حدكا ئیتر جێگای جیابیران نیه. بۆیه‌ش زۆر كه‌س یا مه‌جبوور كرا دانیشێ یان ئه‌وه‌ی كه ده‌ركرا یان ئه‌وه‌ی كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ی بۆ دروست كرا. ئه‌م بارودۆخه وای كرد كه به ناچار كۆمه‌ڵێك ئه‌ندامی باڵی مامۆستا ده‌ست بده‌نه‌وه خۆ رێكخستن و بۆ جارێكی دیكه جه‌ناح دروست ببێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان نه‌ك به ناوی جه‌ناحی مامۆستا به‌ڵكو به ناوی "ئۆپۆزیسۆنی كه‌مینه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی". له ماوه‌ی چه‌ند مانگێك دا به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌ندامانی پێشووی باڵی مامۆستا له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن كه‌وتن. ئه‌وان له رێگای كه‌مینه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه داواكاری و ویسته‌كانی خۆیان بۆ زۆرینه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌نارد و ئه‌مه‌ش ببووه چه‌ترێكی پشتیوانی و سێبه‌رێك بۆ جیابیران له چنگی باڵی كاك مسته‌فا كه هه‌موو پۆسته سه‌ره‌كییه‌كانیان قۆرخ كردبوو.
به‌ڵام له‌م نێوه‌دا رۆڵی كاك مسته‌فا و شێوه‌ی كاركردنی كاك مسته‌فا زۆر جێی سه‌رنج بوو. ناوبراو سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی حیزب به جۆرێك هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ شتێك رووی نه‌دابێ و ره‌وتی ئاسایی به سه‌ر حیزب دا زاڵه و جاری وابوو هێنده كه‌مته‌ر خۆی نیشان ده‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگای له هیچ شتێك نه‌بێ. شێوه‌ی كاری ناوبراویش پڕ بوو له هه‌ڵه و كه‌م و كوڕی. له لایه‌ك وتووێژه‌كانی ناوبراو له ته‌له‌فزیۆنه ده‌ره‌كییه‌كانی حیزب دا به‌ڕاده‌یه‌ك لاواز و پڕ له كه‌م و كورتی بوو كه جێی شه‌رم و شكانی ئه‌ندامانی حیزب و ته‌نانه‌ت هه‌موو حیزبیش بوو، له لایه‌كی دیكه‌وه ناوبراو تاڕاده‌یه‌كی زۆر په‌ره‌ی به ئێرانچیه‌تی دا كه ته‌نانه‌ت كار كێشایه ئه‌و راده‌یه له‌گه‌ڵ پان ئێرانیست و شۆڤینیسته توركه‌كانیش ده‌ست تێكه‌ڵ بكا، له به‌شه‌كانی داهاتوودا به تێر‌و ته‌سه‌لی باسی ئه‌و بابه‌تانه‌ش ده‌كه‌ین.
له راستی‌دا ئه‌م به‌شه دوایین به‌شی كورته به‌سه‌رهاتی ئه‌و ماوه‌یه بوو كه جه‌ناحبه‌ندی له حیزب دا هه‌بووه، ئه‌گه‌رچی باسه‌كه‌ی ئێمه به پێچه‌وانه‌ی زۆر بۆچوون كه پێشتر بۆی هاتبوون به هیچ شێوه‌یه‌ك مێژوویی نیه، به‌ڵكو ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كه له جیاوازییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو حیزبه له باری سیاسی و فیكری و به‌ڕێوه‌به‌ری و بواره‌كانی دیكه‌وه و هه‌روه‌ها ئاوڕدانه‌وه‌شه له قازانجه‌كانی له‌تبوونی حدكا. هه‌ر له‌م سۆنگه‌شه‌وه له به‌شه‌كانی داهاتوودا ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م بابه‌ته دێنینه گۆڕێ.
درێژه‌ی هه‌یه ....
ناردن بۆ تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان